ستراتیژەكانی سیاسەتی پەروەردە لە فینلاند – د. فازڵ جاف

  1. سیستەمی پەروەردەی لە فینلاند، بۆ زۆر كەسی دەرەوەی ئەو وڵاتە، تا ڕادەیەك سیستەمێكی ناوازە دیارە، چوونكە لەگەڵ زۆربەی یاسا و بنچینەكانی سیستەمی باوی پەردوەردە لە جیهاندا ناگونجێت. وڵاتێك هەروەكو خۆیان دەڵێن پاش شەڕی دووەمی جیهان وداگیركردنی لە لایەن یەكێتی سۆڤیەتەوە، لە وێرانە وسیفرەوە هەستایەوە سەرپێ، كەچی ئێستا لە بواری پەروەدەدا خاوەنی مۆدێلێكی تایبەتە.ئەم مۆدێلە، وەكو پێشتریش باسم كرد، لەسەر بناخەی داهێنان و دیدی داهێنەرانە دارێژراوە. گرینكترین ستراتیژی سیستەمی پەروەدە لە وڵاتی فینلاند ئەمانەن: 1- خوێندن لە خوار تەمەنی حەوت ساڵاندا بە زۆر نییە. منداڵ بەر لە تەمەنی حەفت ساڵی ناخرێتە بەر قوتابخانە. 2 – قوتابی ماوەی پشوو” ڕێست” ی زیاتری هەیە، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی كە قوتابی لە كاتی پشوودا چالاك و كارابێت، بەشداری لە چالاكی داهێنەرانە بكات. 3- ژمارەی كاژێرەكانی خۆێندن بە بەراورد لە گەڵ سیستەمی خوێندن لە ئەمریكادا كەمترن. 4- قوتابخانەی تایبەت و نموونە نییە. 5- سیستەمی فینلاندی یەك پێوەری و یەك مودێلی سەرانسەری ڕەت دەكاتەوە، واتە یەك ستاندارتی نیشتمانیی سەرتاسەری تاقیكردنەوەكانی” بكالوری” نییە. 6- بایەخدان بە تواناو بەهرەی قوتابی وەكو تاك، لە چاوگرتنی تایبەتمەندی قوتابی وەكو كەسایەتییەكی سەربەخۆ، ستراتیژێكی گرینگە. ئەم بایەخپێدانە پشت بە باوەڕێك دەبەستێت كە منداڵ گەورەترین و بەهادارترین سامانی وڵاتە. 7- هیچ جۆرە تاق \یكردنەوەیەكی ستاندارتی” گشتی” لە سیستەمی پەروەردەیی فینلانددا نییە. 8 – نمرەدانان لە لایەن مامۆستاوە بۆ قوتابی تاكو ساڵی هەشتەم” پۆلی هەشت” ئیجباری نییە. 9- مامۆستا دەبێت بڕوانامەی ماستەری بە دەست هێنابێت. 12- فینلاند كولتووری نێگەتیڤ قبووڵ ناكات چوونكە باوەڕی بە داهێنانە، ئەگەر دەركەوت مامۆستایەك پەسەند یان لێهاتوو نییە، دەبێت ڕاهێنان و مەشق و خولی زیاتر ببینێت، تاكو بگاتە ئاستی شیاوی وانەگووتنەوە. هیچ كەسێك دەرناكرێت ونانبڕاو ناكرێت. 13- سیستەمی پەروەردەی فینلاندی لە پەروەردەدا پشت بە هاریكاری و ئەزموونی هاوبەش لە نێوان قوتابخانەكاندا دەبەستێت. 14- هەروەها خۆی لە هەموو جۆرە پێشبڕكێیەك دوور ڕادەگرێت و باوەڕی پێ نییە، واتە زیاتر باوەڕی بە هاریكاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون وكاری گروپ و كۆمەڵ و تاقم هەیە. 15- پەرەوەردە دەرفەتێكی یەكسانە بۆ هەمووان. 16- بەشی زۆری بودجەی قوتابخانە د بۆ پۆل و پێداویستییەكان وچالاكییەكانی ناو كلاس تەرخان دەكرێت. بە پێچەوانەی سیستەمی ئەمریكایی، كە پشكی گەورەی بودجەكەی دەڕوات بۆ كاروباری كارگێڕی. 17- سیستەمی پەروەردەی فینلاندی دەستی منداڵ بەرەوە كەسایەتی سەربەخۆ دەگرێت، ئاراستەی دەكات بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون، منداڵ دەبێت هەستی بە ئازادی وجیاهەڵكەوتوویی خۆی بكات، بۆیە لە سیستەمی فینلانددا منداڵ هان دەدرێت كە تا دەكرێت، بە پێی خۆی بڕوات بۆ قوتابخانە، نەك بە ئۆتۆمبیل وباسكیل، یان وەكو لە ئەمریكادا باوە، منداڵ بە هێلیكۆپتەر دەڕوات بۆ قوتابخانە. 18- سیستەمی پەروەدەی فینلاندی باوەڕی بە كاری ماڵ و ئەركی قوتابی نییە لە ماڵدا، ئەو سیستەمە باوەڕی بەوەیە كە منداڵ دەبێت لە ناو پۆلدا پەروەردەبكرێت وگەشە بە تواناكانی بدرێت. 19- قوتابخانەكانی فینلاند زۆر بایەخ بە وەرزش دەدەن، بەڵام نەك بە مەبەستی كێبڕكی و پێشبڕكی. وەرزش چالاكییەكە بۆ پەروەردەی جەستە و ئەڤینی ژیان. 20- بایەخ بە كێشەی تایبەتی قوتابی دەدرێت، بۆ نموونە ئەگەر قوتابییەك كێشەی هەبێت و لە خۆێندن دوابكەویت، یەكسەر پلان ونەخشەی تابیەتی بۆ سازدەكرێت. بەو شێوەیە قوتابخانە هەموو ڕێگەیەك لەوە دەگرن كە ئەو منداڵە ئایندەیەكی خراپ چاوەڕێی بكات. هەر دەستبەجێ قوتابخانە یارمەتی منداڵەكە دەدات تاكو ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە و ڕێچكەی خۆی دەگرێت. تێبینی: سەرچاوەی زانیارییەكانی ئەم وتارەم، بە پلەی یەكەم لە هەڤپەیڤێنكدا، كە لەگەڵ وەزیری پەروەردەی ئێستای فینلانددا كراوە، وەرم‌گرتووه‌، هەرەوها سوودم لە زۆر بابەتی جیاواز وسایتی فەرمی وەزارەتی پەرورەدەی فینلاند وەرگرتووە.

 

http://derunnasy.com/perwerde_ferkirdin/babeti-jimare8197.html